مامۆستا حسەین عەلیمورادی، بەرپرسی قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی «ئیبراهیم خەلیلوڵڵا»ی سنە، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم مامۆستایە پێشتر لە خاکەلێوەی ئەمساڵ و لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «شێواندنی ڕای گشتی» هەر لە لایەن ئەم دادگایەوە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.

مامۆستا حسەین عەلیمورادی لە یەک ساڵی ڕابردوو و لە ڕێکەوتەکانی ڕەشەمەی ١٤٠١ (مارسی ٢٠٢٣)، ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) و یەکی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٢٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان کرابوو.