ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دیسامبەر) فریشتە حسەینی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە کۆتایی گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (نۆڤامبری ٢٠٢٣) دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزای ٨ مانگ بەندکرانی ئەم هاووڵاتییەی وەک خۆی پەسەند کردەوە. ئەو سزایە پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بەسەر فریشتە حسەینیدا سەپابوو.

ئەم هاووڵاتییە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دیسامبەر) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

فریشتە حسەینی ڕۆژی ٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و دوای ١٨ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرماناندا (١١ی سێپتامبەر) بە بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.