ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دیسامبەر) پەخشان عەزیزی، دەرچووی لقی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران و زیندانیی سیاسیی پێشوو، دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تارانەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو پەخشان عەزیزی دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تارانەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. ئەم ژنەچالاکە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا بێبەش کراوە.

ئەم ژنە چالاکە کوردەی خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵدا (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) هەواڵی دەستبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سیروان محەممەدڕەزاییی بڵاو کردبووەوە.

پەخشان عەزیزی یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی ڕابردوودا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.