لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان (٢٤ی ئاگۆست) عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کراوە و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لەمەڕ بەشدارینەکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی ئەم سەرهەڵدانەدا ئازاد کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆست) عەبدوڵڵا ئەبووبەکری لەڕێی تەلەفۆنەوە و بە مەبەستی پێشکەشکردنی هەندێ ڕوونکردنەوە بانگهێشت کراوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و داوای لێ کراوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان (٢٤ی ئاگۆست) خۆی ڕادەستی ئەم دەزگا ئەمنییە بکات.

ئەم هاووڵاتییە دوای سەردانکردنی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە لایەن هێزەکانی ئەم دەزگا ئەمنییەوە دەستبەسەر کراوە و خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.

لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد وێڕای هەڕەشەکردن و هۆشداریدان بەم هاووڵاتییە سەبارەت بە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگرتووە کە بە هیچ شێوەیەک مافی بەشداریکردنی لە هیچ چەشنە خۆپیشاندان و ڕێوڕەسمێکدا نییە. ئەم هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

زانیار ئەبووبەکری، ٢١ ساڵان و هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانەکانی دوای ئەسپەردەکرنی سمکۆ مەولوودیدا، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا، بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد.