سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) ئەمیرحسەین حەقجوویان، کوڕەخاڵ و هاوڕێی نزیکی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە گەلاوێژی ئەمساڵ (ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی کاربەدەستێکی ئەمنی لە سێدارە درا، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کاتژمێر ٧:٣٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر نەمامگەی بنەماڵەی ئەمیرحسەین حەقجوویان لە کەمەربەندیی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان و ئەم هاووڵاتییە یارسانەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەمیرحسەین حەقجوویان لە کاتی بەندکران و دواتر لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەساییدا چالاکی و هەواڵی لەسەر بارودۆخی کوڕەپوورەکەی و بنەماڵەکەی خۆی بڵاو دەکردەوە.

ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی کوردی یارسان، ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەر، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە درا. هێزە ئەمنییەکان ئامادە نەبوون تەرمەکەی بۆ ئەسپەردەکردن لە زادگەکەی خۆی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە، هەر بۆیە لەژێر زەخت و گوشار و لە کەشێکی ئەمنیدا تەنها بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی بنەماڵەی لە گۆڕستانی مینابادی کرماشان ئەسپەردە کرا.

ڕەزا ڕەسایی دوای دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی کاربەدەستێکی ئەمنی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاددا کە یەکێک بوو لە ڕێبەران و سیما ناسراوەکانی کۆمەڵگەی یارسان و ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکەی لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانەکی دوای کوشتنی ژینا ئەمینیدا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە و لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.