ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) حسەین کەمالیان، کۆڵبەری ٣٧ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، بە دەسڕێژ و ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانی لە دەست دا. هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی پیرانشاریش بە ناوی فەردین قەلاش، هەر لەم ناوچە سنوورییەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی «دلاوەران»ی پیرانشار لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا حسەین کەمالیان و فەردین قەلاش بە سەختی بریندار بوون.

سەرەڕای ئەوەی کە قاچی حسەین کەمالیان پێکرابوو و بریندار بووبوو، لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە بە قۆنداغی تفەنگ ئەشکەنجە درا و دوای ئەوەی گوازرایەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی پیرانشار، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا. هاوکات فەردین قەلاشیش کە بە سەختی بریندار بووە، ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی ورمێ کراوە.