لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، فواد مورادی، فەرهاد قەمەری، محەممەد ئەمینی و نەوید شەریفی لە دیواندەرە و عەلی حسەینپوور و واحید ئەبووبەکری لە پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فواد مورادی لە گوندی «کێلەکەوە»، نەوید شەریفی لە گوندی «کانی سپی» و فەرهاد قەمەری و محەممەد ئەمینی لە شاری دیواندەرە، بە شێوەی هاوکات و بەبێ مۆڵەتای یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) عەلی حسەینپوور لە گوندی «چیانە» و واحید ئەبووبەکری لە گوندی «کونەقوڵان»ی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٤ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار و دیواندەرە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شارەکانی ورمێ و سنە.