تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە شەوی ڕابردوو ٢٠ی گەلاوێژ (١١ی ئاگۆست) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدنی ژن، ژیان، ئازادی لە قووچان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان شووشەکانی ماڵەکەیان شکاندووە و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییەیشدا.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی ٢٢ ساڵنی خەڵکی قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدنی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد. هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەم هاووڵاتییەیان دوای ٣ ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم گیانبەختکردووە بە ئامادەبوونی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «شارەک»ی قووچان بەڕێوە چوو.

مەزاری مێهدی بەبرنژاد لە گوندی شارەکی قووچان