سادق مەحموودنژاد، یەک لەو خۆپیشاندەرانەی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە پیرانشار چاوی پێکرا، دوای بانگهێشتکران لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگوستەریی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران گوێزرایەوە بۆ زیندانی شاری نەغەدە. ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی بەفرانبار (٢ی ژانڤییە) ئەم خۆپیشاندەرە بریندارە دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگوستەریی پیرانشار دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی نەغەدە.

ئەم هاوووڵاتییە لە سەرەتای سەرماوەزدا (کۆتایی نۆڤامبەر) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم هاووڵاتییە هەروەها لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە خۆپیشاندانەکاندا» سزای ٣ مانگ بەندکران و ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە دواتر گۆڕدرا بۆ ٨ میلیۆن تمەن سزای پارە.

سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی ٢٣ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی گوللەی ساچمەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێران و چاوی بریندار بوو. سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شارە جیاوازەکانی ئێراندا، چاوی چەپی تەنها لە سەدا بیست دەبینێت.

سادق مەحموودنژاد ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٣ی جولایی ٢٠٢٣) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان برایە زیندانی نەغەدە و ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ (١٥ی جولای) بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.