محەممەدخالید ڕەسوولزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ (٩ی جولای) ئەم هاووڵاتییە لە شوێنی کارەکەیدا لە پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو هێزانە هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە گوندی «بندڕێ»ی پیرانشار و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ماڵەکەیان پشکنیوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشاری لە هەمان ڕۆژدا بە ناوەکانی ئومید ئەحمەدی و ئیسماعیل مەعرووفی بڵاو کردبووەوە.