ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار (١٧ی ژانڤییە) ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئیلام، لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ساسان چەمەنئارا و ئەم هونەرمەندەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە و هاوکات دەستیان گرتووە بە سەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیشیدا.

ساسان چەمەنئارا پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بە شێوەیەکی توندوتیژیئامێز لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا. ئەم هونەرمەندە کوردە ماوەی ٢١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی وەزارەتی ئیتلاعات لەژێر لێپرسینەوەدا بوو و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرا.

ساسان چەمەنئارا لە بەرفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەیدعەلی مەزڵووم بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەنداندا (٢٤ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەگەرچی سزای بەندکرانی ئەم هونەرمەندە کوردە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا پەسەند کرا، بەڵام لقی یەکەمی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان ئەو حوکمەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسارد. چەند مانگێک دواتر ئەم هونەرمەندە کورد لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینیدا ڤیدیۆکلیپێکی بڵاو کردەوە و هەر بۆیە جارێکی تر بانگهێشتی بەردەم دادسەرای ئێڤین کرایەوە و دوای ئەوەی لەسەر ئەم ڤیدیۆکلیپە و چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خرایە بەر لێپرسینەوە، تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە.