لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕێباز محەممەدیموقەدەم، ناسر عەلیپوور و ڕێبوار کووهگەرد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشار و بۆکان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕێباز محەممەدیموقەدەم لە شاری پیرانشار و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایلەکانی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیەدا.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکانی بۆکان ڕێبوار کووهگەردیان لەم شارەدا و ناسر عەلیپووریان لە گوندی «داشبەند»ی ئەم شارە دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ٤ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی پیرانشار، نەغەدە، بۆکان و ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.