لەسەر چارەنووسی شەهرام ڕەنجبەر، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی «گامێش گوڵی»ی میاندواو کە ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شەهرام ڕەنجبەر لە گوندی «گامێش گوڵی»ی میاندواو و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی شاری میاندواو، تا ئێستە لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە بەفرانباری ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٣، ژانڤییەی ٢٠٢٤) لانیکەم ٤٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەگەرچی هەندێ لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی کەفالەت یان بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. ١٤ کەسیش بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.