لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژیلا هووژەبری، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکە سیاسییەی خەڵکی مەریوان لە گەلاوێژی ١٤٠١دا (جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم ژنەچالاکە دوای مانگێک لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوێزرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە، بەڵام بۆ ماوەی چەند مانگێک و بە ڕۆژدا بۆ لێپرسینەوە دەبرایە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ژیلا هووژەبری دوای چەند مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا. ئەم چالاکە سیاسییە لە بەفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «سەرپێچیکردن لە فەرمانی هێزە دەوڵەتییەکان» بە گشتی سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) بەرزترین سزاکە واتە ٥ ساڵ بەندکران دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای تۆمارکردنی داوای قبووڵکردنی سزاکە و بەپێی یاسا، کۆی حوکمەکە گۆڕدرا بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران.

ژیلا هووژەبری لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم سزایە ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کراوە.