بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی گوڵان (٢٠ی مەی) هەژار مەحموودی، خەڵکی پیرانشار و بەڕێوەبەری لاپەڕەی ئینستاگرامیی «شنۆیەکەم»، لەگەڵ چوار چالاکی خەڵکی شنۆ و هاوکاری ئەم لاپەڕەیەدا بە ناوەکانی دڵشاد شاداب، باست قادرزادە، زاهیر حاجیپوور، پێشکەشکار و سەمیع مەحموودی ئەقدەم، مامۆستای زمانی کوردی، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانە پێوەندیی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵەوە هەیە و لاپەڕەی ئینستاگرامیی «شنۆیەکەم»یش دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە بلۆک کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە (مارسی ٢٠٢٤) تا ئێستا لانیکەم ٤٣ هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی و هونەرمەندی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بە هۆی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا دەستبەسەر کراون و ڕەوتی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ چالاکانی مەدەنی، هونەرمەندان و تەنانەت هاووڵاتیانی ئاسایی تا ئێستایش درێژەی هەیە.