ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری کوردی خەڵکی بانە، دوای دوو حەفتە مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم کاسبکارە ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕ (٧ی جولای) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کاسبکارە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی سنە کرا و قاچێکی لە ئەژنۆیە بڕایەوە، بەڵام بە هۆی قورسبوونی برینەکانەوە لە حاڵەتی کۆمادا بوو و دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) گیانی لە دەست دا.