لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای پەرەسەندنی ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامێران حەیدەر قوربانی، بە سەدان هاووڵاتیی شاری کامێرانی پارێزگای کوردستان لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوایان کردووە بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەر بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بگرێت.

لە دەسپێکی ئەم نامەیەدا کە نوسخەیەکی لەگەڵ واژۆکاندا کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسراوە: «ئێمەی واژۆکەرانی ئەم نامەیە، وەکوو بازرگانان و کاسبکارانی شاری کامێران لە نزیکەوە بەتەواوی کاک حەیدەر قوربانیی ٤٩ ساڵان دەناسین کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و کاسبکارێکی شاری کامێرانە، ناوبراو جیا لەوەی لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای کوردستاندا حوکمی بۆ بڕاوەتەوە، لە دادگای شۆڕشی ئیسلامییشدا بە تۆمەتی بەغی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ئێمە ئاگادارین کە ناوبراو قەت ئەندام یان لایەنگری گرووپە چەکدارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە».

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حەیدەر قوربانی، لەم ڕۆژانەی دواییدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی پارێزوانەکەیدا، ڕای گەیاندووە: «دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر حەیدەر قوربانیدا سەپاندووە، لە حاڵێکدا کە مەرجی ئەنجامدانی تاوانی بەغی ئەندامبوونە لە گرووپێکی چەکدار و بەکارهێنانی چەک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا. پارێزوانەکەی من تەنانەت لەو دۆخە دژوار و سەختەشدا کە تێی پەڕاندووە، بە هیچ شێوەیەک دانی بە ئاوا شتێکدا نەناوە و تاکەبەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە ئیدیعاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و کامێرانە».

واژۆکەرانی ئەم نامەیە کە ژمارەیان سەدان کەسی تێپەڕاندووە، لە کۆتایی نامەکەیاندا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیویانە: «داوا دەکەین ناوبراو [حەیدەر قوربانی] بخەنە بەر بەخشین و لێبوردنی تایبەتەوە و وێڕای دەرکردنی دەستووری لێکۆڵینەوەی دووبارە لە تۆمەتی بەغی، سزای لەسێدارەدانەکەی لەم تۆمەتەدا پلەیەک داببەزێنرێت».

پێشتریش ٥٠ زانای سوننی و بەرنوێژانی کوردستان لە نامەیەکی هاوشێوەدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانییان کردبوو.

ساڵح نیکبەخت لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا وێڕای ئاماژەکردن بەم نامەیە و هەوڵە یاساییەکانی خۆی، ڕای گەیاندبوو کە هیوادارە بە قبووڵکردنی داواکاریی پیاچوونەوە بە دۆسیەکەدا: «دوابەدوای داواکاریی ٥٠ کەس لە زانایان و بەرنوێژانی کوردستان و هەروەها داواکارییەکەی من و پارێزوانەکەم (حەیدەر قوربانی) بۆ پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، خۆشبەختانە ئەم داواکارییە لە تارانەوە نێردراوەتەوە بۆ دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان و دەبێ سەرۆکی دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان لەم داوایە بکۆڵێتەوە».

بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای داگاییکردنی کەیفەری لە دۆسیەکەی حەیدەر قوربانیدا لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەدا پەرەی سەندووە. پارێزەرەکەی دەڵێت: «ئێستا حوکمەکە پەسەند کراوە و ئەگەڕی جێبەجێکردنی خێرای لە ئارادایە».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە چالاکانی نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیاندنە گشتییەکان و هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ بەرگرتن بە جێبەجێکردنی حوکمەکەی حەیدەر قوربانی بخەنە گەڕ.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا نووسراوە: « هەرچەندە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا ئەم جۆرە حوکمانە دەر دەکات، زۆرجار بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەنامە یاساییەکان، ناڕەزاییە نێونەتەوەییەکان و گوشارەکانی ڕای گشتی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان و چالاکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەرک و بەڵێنی ئێمە وا دەکات لە تەنیشت ئەو هەوڵە یاساییانەی لە دووتوێی یاسا نێوخۆییەکانی ئێراندا لە لایەن پارێزەران و بنەماڵەکانەوە بە ئەنجام دەگەیەنرێت، ئێمەیش هەوڵەکانمان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە حوکمە نادادپەروەر و نامرۆڤانەیە درێژە پێ بدەین».

حەیدەر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕەزبەری ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

لە ڕەشەمەی ١٣٩٦دا دانپیانانە زۆرەملێکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کەناڵی پرێس تیڤییەوە و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنەوە بە گشتی حوکمی ٩٠ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بۆ بڕایەوە.

لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا دۆسیەکەی تری ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ لە زیندانی ناوەندیی سنە پێی ڕاگەیەنرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا ئەم حوکمە لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و مانگێک دواتر داواکارییەکەیشی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەت کرایەوە. حەیدەر قوربانی ئێستا لە بەندی سیاسیی زیندانی ناوەندیی سنەدایە و پێدەچێ هەردەم حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ بکرێت.