ڕۆژی ڕابردوو ٦ی گەڵاڕێزان (٢٨ی ئۆکتۆبەر) کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەهمەن نادری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا بەڕێوە چووە. بەپێی ڕاگەیاندنی دادگا، دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٥ی گەڵاڕێزان (٧ی ئۆکتۆبەر) بەڕێوە دەچێت.

بەهمەن نادری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بڵاوکردنەوەی بانگەواز بۆ بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، وەک هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕاگەیەنرابوو.