تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، ڕەشید ناسرزادە، چالاکی ژینگەپارێز و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «شنۆ ٢٤» بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ١٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی شنۆ کراوە.
ئەم چالاکە کوردە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و هەوڵدانی دژ بە ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» سەرجەم حوکمی ٦ ساڵ زیندانکردنی بەسەردا سەپا، ئەم حوکمە دوای تۆمارکردنی فەرمیی ناڕەزایی لە دادگای پیاچوونەوەدا کەم کرایەوە بۆ ١٨ مانگ.
ڕەشید ناسرزادە، چالاکی ژینگەپارێز و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «شنۆ ٢٤» لە ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا و لە حاڵێکدا کە لە سەفەری هەرێمی کوردستان دەگەڕایەوە، لە جادەی پیرانشار بۆ شنۆدا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراو دوای ٤٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ٢٦ی بەفرانباردا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
کاناڵی تێلێگرامیی «شنۆ ٢٤» کاناڵێکی تایبەت بە بڵاوکردنەوە و شرۆڤەکردنی هەواڵ بوو و لە بەشی پێناسەی ئەم کاناڵەدا ئاوا نووسرابوو: «شرۆڤەکردنی ڕووداوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگا، وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی لە کاردا، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە».