لە ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژەوە دیسانەوە شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد و شنۆ دەستی پێ کردووە و لەم ماوەیەدا لانیکەم ٢٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. 

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان ٣ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی سۆران دوورباش، ئاکۆ دوورباش و دارا سڵێمانپوور لە مەهاباد و ٦ هاووڵاتیی دیکەیان بە ناوەکانی ڕێبوار چارکداری، حەسەن شادیخاە، عوبەید ئەنوەری، فەرهاد مەعرووفی، ڕەحمان ئەسەدی و جەلال قادرزادە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کردووە.

لە نێو ئەم کەسانەدا حەسەن شادیخاە دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە و ٨ هاووڵاتییەکەی تر هەر دەستبەسەرن.

پێشتر تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڕاپۆرتەهەواڵ، ناسنامەی هەندێ لە دەستبەسەرکراوانی ئەم حەفەتەیەی دوایی لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد پشتڕاست کردبۆوە کە بریتین لە عەزیمە ناسری، ئەنوەر مەلێکی، کەمال عەباسیوەند، شەمزین محەممەدی، چیا ئاغابەیگپوور، کاوە سڵێمانپوور، هێمن قەرەداغی، ئەحەد سۆنە و ڕزگار عەینالوو.

دەوترێت زۆربەی ئەم کەسانە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراون و چالاکان و هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنی-سەربازییە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ.