لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز دوو هاووڵاتیی تری خەڵکی گوندی «ملقەڕنی»ی سەقز بە ناوەکانی محەممەد فەدەوی و ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بەلاغی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر گوندی ملقەڕنیی سەقز و وێڕای پشکنینی ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان، محەممەد فەدەوی و ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بەلاغییان دەستبەسەر کردووە. ئەم دەستبەسەرکردنانە بەبێ حوکمی یاسایی بووە و هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتی ئەم هاوڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.

ڕۆژی ڕابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک هەواڵی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی تری خەڵکی ئەم گوندەی بە ناوی زانکۆ مەسعوودی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو کردبۆوە.

لە کاتی دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کوردەوە تەنها لە گوندی ملقەڕنیی سەقز پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزانەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لانیکەم ٣٧ کەس لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون.