سەرەڕای تێپەڕینی ٤٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی نەوید کۆنەپۆشیدا، لە ئەندامانی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە و سەردانکردنی دەزگا ئەمنییەکان و سەرچاوە دادوەرییەکانی شاری مەریوان، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر شوێن و هۆکاری دەستبەسەرکردنی نەداوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەڵاڕێزان هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان چووبوونە سەر ماڵی چالاکی ژینگەپارێزی کورد نەوید کۆنەپۆشی و دەیانویست دەستبەسەری بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووبوو براکەیان دەستبەسەر کردبوو. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان وتبوو تا کاتێک نەوید کۆنەپۆشی خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات کوڕەکەی تریان ئازاد ناکرێت و دەستبەسەر دەبێت.

نەوید کۆنەپۆشی چەند کاتژمێرێک دوای ئاگاداربوون لە دەستبەسەرکردنی براکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بە مەبەستی دیلکردن و بەبارمتەگرتن ئەنجام درابوو، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرد. دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە براکەی تری ئازاد کرابوو.

نەوید کۆنەپۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی جیای سەوزی مەریوانە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان و کەمپەینەکانی ژیاندنەوەی دارستانەکانی ناوچەکەدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە.