بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گوڵان (١١ی مەی) شەعبان محەممەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان و شۆرای سەرانسەریی مامۆستایانی ئێران، لە کاتی چوونەدەرەوەدا لە ماڵەکەی خۆی لە مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم چالاکە پیشەییەی مامۆستایان پێشتریش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (٣١ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایاندا لە مەریوان دەستبەسەر کرا و دوای ٢٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

لە ئێستەدا ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخایش، دوو ئەندامی تری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، دەستبەسەرن و لە یازدەهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندان.