چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش ٣ زیندانی بە ناوەکانی داوود قاسمزادە، بەهائەدین قاسمزادە و ئەنوەر عەبدوڵڵاهی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون. لەم زیندانییانە، بەهائەدین قاسمزادە لەدایکبووی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٧٢ی هەتاوییە و لە کاتی دەستبەسەرکردندا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی پووشپەڕ، داوود و بەهائەدین قاسمزادە لە بەندی ئەمن و ئەنوەر عەبدوڵڵاهی لە بەندی ٢ی زیندانی ورمێوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

داوود و بەهائەدین قاسمزادە لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٨٨ لە شاری ورمێ دەستبەسەر کران. ئەم دوو برایە ساڵی ١٣٩١ لە لایەن دادگای کەیفەریی ورمێوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست حوکمی قەساسی نەفس (ئێعدام)یان بەسەردا سەپا و ساڵی ١٣٩٢ حوکمەکە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. داوود قاسمزادە کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا بە هۆی تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە تووشی زەبری مرۆخە (نوخاع) ببوو و لەسەر ویلچێر دەجووڵێت، ساڵی ڕابردوو دوو جار بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر مانەوەی خۆی و براکەی لە بەندی ئەمندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دابوو.

ئەنوەر عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهابادیش پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرا و حوکمی قەساسی بۆ دەرچووە.

هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی ئەم زیندانییانەدا، دەمەوبەیانی ئەمڕۆ حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی ناسر ئازموودە و شەهریار ئەمیری کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە سڕکەرەکان»ـەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرکرابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.