تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژ (٩ی ئاگۆست) سزای لەسێدارەدانی دو بەندکراو بە ناوەکانی ئەحەد هاشمی و مەنووچێهر خەزایی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

مەنووچێهر خەزایی خەڵکی کەنگاوەر و لە ئەندامانی پۆلیسی ئینتیزامی و ئەحەد هاشمی، خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان، پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) لەگەڵ زیندانییەکی تردا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکەی تر بە هۆکاری نادیار ڕاگیراوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ ناو بەندەکە.