بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی سەرماوەز (١٢ی دیسامبەر) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی ئەمین زاکریی کاکاوەند، خەلیل حاجی ئابادی و حەمید ئیسماعیلی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دیسامبەر) لەگەڵ دوو بەندکراوی تردا کە ناسنامەیان نەزانراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرابوون.

بەرەبەیانی دوێنێ ئەم سێ زیندانییە لە سێدارە دران.

ئەمین زاکریی کاکاوەند خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان، خەلیل حاجی ئابادی خەڵکی شاری کەنگاوەری کرماشان و حەمید ئیسماعیلی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.