هێزە ئەمنییەکانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی شەپۆلی نوێی گرتن و دەستبەسەرگرتن لە شارە جیاجیاکاندا شەش هاوڵاتی کوردیان دەستبەسەر کرد. لەو شەش کەسە پێنج کەس لە شاری مەهاباد و یەکی تریشیان لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەو زانییارییەی بەدەستی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، لە شاری مەهاباد “هێمن ئیسماعیلی”، “سۆهراب قادرزاە”، “ئومید قادری”، “خالید کۆڵانی” و “سەلیم قادرزادە” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانه‌وه‌ دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە راپۆرتێ کە بڵاوی کردبووەوە باسی لە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاوڵاتییانی کوردی لە مهاباد کردبوو و هەروەها ناسنامەی دوو کەس بە ناوەکانی “هوشیار ئەمینی” و “شێرکۆ عەباس تاهیر”، کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، ڕاگەیاندبوو.

هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تر، ڕۆژی ڕابردوو هاوڵاتێکی تر بە ناوی “عەلی ئیسماعیلی” خەڵکی گوندی “جاشێران” هەڵکەوتوو لە دەڤەری شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیارییان گواستوەتەوە. ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ۲۷ی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو به تاوانی هاوکاری لەگەڵی یەک لە حزبە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد دەستبەسەر کرابوو و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو