به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ڕه‌سوڵ حه‌مزه‌پوور، مامۆستای ئایینی و ئیمام جومعه‌ی مزگه‌وتی گوندی «ئه‌ندیزه»ی سه‌ر به‌ پیرانشار، دوای ٢٠ ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ربوون و کۆتاییهاتنی لێپرسینه‌وه‌كان، له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێوە گوێزرایه‌وه‌ بۆ زیندانی ئه‌م شاره‌.
ناوبراو ئێستا نێردراوەتە به‌ندی ڕاوێژکاری یان موشاوره‌‌، تۆمه‌تی ئه‌م مامۆستا ئایینییە سوننه‌یە «پڕوپاگه‌نده‌ی دژی حکوومەت» ڕاگه‌یەنراوه‌.
ڕه‌سووڵ حه‌مزه‌پوور ١٣ی ڕەزبەر لە سێ‌ڕیانی پسوە-پیرانشاردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستا ئایینییە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دوای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە شەخسییەکانیدا گرت.