سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، خەیروڵڵا حەقجوویان ئەندامی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای شاری سەحنەی کرماشان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کراوە. دەوترێت تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە سیاسی و مەدەنییە کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئاغای حەقجوویان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دادسەرادا لەسەر چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی لێپرسینەوەی لێ کراوە و تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەنراوە. گەرچی لێپرسەوەکەی دادسەرا بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی بۆ ئازادبوونی کاتیی ناوبراو دیاری کردووە، بەڵام ئەو بە هۆی قبووڵنەکردنی تۆمەتەکانەوە ئامادە نەبووە ئەم بارمتە قورسە دابنێت و هەر بۆیە ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کراوە».

کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسانیش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە خەیروڵڵا حەقجوویان لە ساتەوەختی دەستبەسەرکرانەوە مانی لە خواردن گرتووە.

خەیروڵڵا حەقجوویان لە چالاکوانە ناسراوە کوردە یارسانییەکانە، ناوبراو بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی لە بۆنە و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکاندا بە شێوەی سەربەخۆ یان بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، وتاری پێشکەش کردووە و ڕەخنەی لە دۆخی سیاسی و ئابوریی ئێران گرتووە، بە تایبەت ڕەخنەی لە بوونی هەڵاواردن و ستەم لە ئاست کۆمەڵگای یارساندا گرتووە. لە دوایین جار و لە ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا چۆتە سەر مەزاری نیکمەرد تاهیری لە شاری سەحنە و وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کردووە.

نیکمەرد تاهیری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەحنەی کرماشان بوو کە جۆزەردانی ١٣٩٢ لە ئەنجامی خۆسووتاندنێکی ناڕەزایەتییانەدا گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە یەک لەو سێ ڕووداوەی خۆسووتاندنی پێڕەوانی ئایینی یاری (یارسان) بوو کە لە جۆزەردان و گەلاوێژی ١٣٩٢ لە هەمەدان و تاران ڕوویان دا. حەسەن ڕەزەویی خەڵکی گوندی پول شکەستەی هەمەدانیش ڕۆژێک پێش ئەو لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە و محەممەد قەنبەریی خەڵکی گوندی قەرەداشی قەزوینیش نزیکەی دوو مانگ دواتر لە چالاکییەکی هاوشێوە و ئەم جارە لە بەردەم بینای پەرلەمانی ئێراندا لە تاران، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا و گیانیان لەدەست دا.

ئەم زنجیرە خۆسووتاندنە ناڕەزایەتییانە پەرچەکردارێکی مەرگاوی بوو لە بەرامبەر ئەو هەڵاواردنە یاساییانەی ڕووبەڕووی خەڵکی یارسان دەکرێتەوە، هەروەها ناڕەزایەتی بوو لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە دابونەریتەکانیان کە یەکەم جار و بە دیاریکراوی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست تاشینی ئیجباریی سمێڵی یەک لە پێڕەوانی ئایینی یاری لە زیندانی هەمەداندا کڵپەی سەند. بەپێی دەستوورێکی ئایینی یاری، شاربی پیاوانی یارسان مۆرومۆم کراوە و هەر بۆیە تاشینی سووکایەتییە بە باوەڕمەندانی ئەم ئایینە.

یارسان لە ڕیزی ئەو کەمایەتییە ئایینییانەی ئێراندایە کە لە دەستووردا وەک ئایینێکی سەربەخۆ دانی پێدا نەنراوە و پێڕەوانی ئایینەکە لە زۆربەی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش دەکرێن.

خەڵکی یارسان زیاتر لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، کوردستان، ئازەربایجان، قەزوین، ئەلبورز، تاران، گیلان، مازەندەران و… ژیان دەکەن. لەم نێوانەدا پارێزگای کرماشان وەک ناوەندی سەرەکیی یارسان دەناسرێت. گەرچی هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی پێڕەوانی ئەم ئایینە لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە سەرچاوە جیاوازەکاندا ژمارەی یارسانەکانی ئێران لە میلیۆنێکەوە تا سێ میلیۆن مەزەندە کراوە.