تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی هەینی ٢٦ی رەزبەر/ 10.18 بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ئالانی سەردەشت کۆڵبەرێک بە ناوی ئەسکەندەر حەمزەزادە برینداربووە.

ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی دینارانی سەربە شاری سەردەشتە و باوکی دوو منداڵە. ئەسکەندەر حەمزە زادە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە و لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

هەروەها بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە رۆژانی رابردوودا کاسبکارێک بە ناوی سمکۆ خەلیلی باغچە لە ناوچەی سنووریی جانداری سەربە شاری سەڵماس کراوەتە ئامانجی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری ئێران و برینداربووە.

بە پێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆیکردوونەتەوە، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە تا ئێستا، بە هۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان لانیکەم چوار کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و هەشتی دیکەش بریندار بوون. هەورەها کۆڵبەرێکیش بە هۆی تەقينەوەی مینەوە کەم ئەندام بووە.