بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “پەیمان یوسفی” کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت، بەرەبەیانی رۆژی 12ی رەزبەر/ 10.04 لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور بریندار بوو و پاش مانگێک و بە هۆی سەختی برینەکانییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە چۆنێتی برینداربوونی ئەم کۆڵبەرە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12ی رەزبەر/ 10.04 پۆلێک کۆڵبەریان لە مەودایەکی چەند مەترییەوە و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دایە بەر دەستڕێژی گولـلە کە لە ئەنجامدا پەیمان یوسفی برینداربوو”.

جێگای ئاماژەیە کە لەو ڕووداوەدا فیشەکێک بەر پشتی پەیمان یوسفی کەوتووە و ریخۆڵەی هەڵدڕیوە. ئەو کۆڵبەرە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەیەکی سەردەشت نەشتەرگەری بۆ کرا، بەڵام لەبەر چڵک و هەڵئاوسانی زۆر و هەروەها ئەگەری ژەهراوی بوونی فیشەکەکە، کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر دۆخیی تەندروستیی ناوبراو نەبوو.

سەرەنجام رۆژی هەینی 10ی خەزەڵوەر/ 11.01 لە کاتێکدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوو گیانی لە دەستدا.

بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان، سکاڵایان لە دژی هێزەکانی پاسەوانیی سەر سنووری سەردەشت تۆمار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سکاڵای بنەماڵەی قوربانیان لە هێزە چەکدارەکان لە دادگا سەربازییەکانی  ئێراندا بایەخی پێنادرێت. دادگا پەیوەندیدارەكان تەنیا لە چەند حاڵەتێکی کەمدا کە ئەوانیش ژمارەیان ناگاتە پەنجەکانی دەست، “دیە”یان (سزای دارایی) لە سندووقی دەوڵەت بۆ بنەماڵەی قوربانیان بڕیوەتەوە کە ئەویش ناکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پەیمان یوسفی تەمەن 29 ساڵان، خەڵکی گوندی دەرماناوێی سەربە سەردەشت و باوکی دوو منداڵ بوو.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە، تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، پێنج کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراون و 12ی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لەم ماوەیەدا کۆڵبەرێک بە هۆی راونان لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامییەوە لە بەرزاییەکانەوە کەوتۆتە خوارەوە و گیانی لەدسەتداوە.