سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی پەرویز قادری، مزەفەر ئەسەدڕوخ و سەلاح (پاشناو نەزانراوە) لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەكانی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەكانی بانە و مەریوان بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان (٤ی ژوەن) کۆڵبەرێکی ٢٩ ساڵانی خەڵکی سەقز بە ناوی پەرویز قادری لە ناوچەی سنووریی «نێروان»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەكانی ئێران و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کە لە لای قاچەوە بە سێ گوللە پێکراوە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی سنە کراوە.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی جۆزەردانیش (٣ی ژوەن) لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی مزەفەر ئەسەدڕوخ، ٤٤ ساڵان و خەڵکی گوندی «چاوگ» و سەلاح (پاشناو نەزانراوە) خەڵکی گوندی «هەڵووژان»، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەكانی ئێران بریندار بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا شەش کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی شوانە ئەحمەدپوور، هێمن ئەحمەدی، جەلال سوهرابی، عەتا ڕوستەمپوور، سالار ئەحمەدی و واحید قادرپوور لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

پەرویز قادری