بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢ی سەرماوەز / ١١.٢٣، هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ دوو کاسبکاری کورد بە ناوەکانی “ناسر مورادپور” و “سمکۆ قادرنیا”یان دەستبەسەرکردووە و پاش ئەشکەنجەیەکی دڕندانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتوویانن و تەرمەکانیشیان هەڵداوەتە ناو ڕووبارێکی ئەو ناوچەیەوە.

هاوڵاتییەکی دانیشتووی ئەو ناوچەیە لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “ئە دوو کاسبکارە ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر / ١١.١٩لەگەڵ پۆلێک کاسبکاری دیکە بەرەو ئەو دیوی سنوورەکان بەڕێکەوتن، بەڵام بەهۆی سەرمای کەش و هەواوە پاشگەزبوونەتەوە لە هێنانەوەی بار و بڕیاری گەڕانەوەیان داوە، لەکاتێکدا بەرەو سنوورەکانی ئێران گەڕاونەتەوە خۆمپارەباران کراون و هەموو ئەسپەکانیان لەناو چوون و لەبەر ئەوە دیسانەوە گەڕاونەتەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو کاسبکارە پاش چەند ڕۆژێک بڕیاریان داوە بە ئەسپێک و بەبێ بار بگەڕێنەوە ئێران بەڵام لە سەر سنوور لەلایەن هێزە کانی پاسەوانی سنوورەوە دەستبەسەرکراون. پاشان ئەو دوو کاسبکارەیان بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە داوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکردوون.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی، ئەو هێزانە ناسر مورادپور و سمکۆ قادرنیایان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و پاشان تەرمەکانیان هەڵداوەتە ناو ڕووبارێکی ئەو ناوچەیەوە.

جێگای ئاماژەیە کە تەرمی سەهۆڵ بەستووی ئەو دوو کاسبکارە پاش ٢٤ کاتژمێڕ لەلایەن دانیشتووانی ئەو ناوچەیەوە بینراوە و لە ڕووبارەکە دەرهێنراوە. تەرمەکان پاشان ڕادەستی بنەماڵەکان کراونەتەوە لە شاری مەهاباد و گوندی “کوزەڕەش”ی سەربە سەلماس بەخاک سپێردراون.