بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «ملەقەندی»ی نەسوودی پارێزگای کرماشان و لە مەودایەکی نزیکەوە دەسڕێژیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە کە کوژرانی کۆڵبەرێک بە ناوی وەزیر محەممەدی لێ کەوتۆتەوە.
وەزیر موحەممەدی، تەمەن ٢٩ ساڵ و باوکی منداڵێکی ٤ ساڵان، خەڵکی گوندی «حەشمیر»ی شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشاندا بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکیی یاسایی پاوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
پێشتریش، ٥ی گەلاوێژ، دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان کەوتبوونە بەر تەقە و دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە کە برینداربوونی ٥ کۆڵبەری لێ کەوتەوە. پێناسەی دووان لەم کۆڵبەرانە دەرکەوتووە کە بریتین لە ئازاد شەریفی و عەلی حسەینی، ئەو کۆڵبەرانە بۆ دەرمانکردن گواسترابوونەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پێنجوێنی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆ کراوەتەوە، لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لانیکەم ٧ کۆڵبەر و کاسبکاری سەرسنوور بە ناوەکانی شەمزین ئەحمەدی، زیاد ئێسباتیی حەیدەرانلوو، ئیبراهیم ئەبووبەکری، قاسم سەرباز، شاکر (عەلی) بروکی میلان، سالم سڵێماننەژاد و یووسف ئەحمەدی بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ، چاڵدێران، سەردەشت و پیرانشار گیانیان لە دەست داوە.