شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراندا لە ناوچەی سنووریی سەڵماسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کۆڵبەرێک بە ناوی زابت ئاڵخانی گیانی لەدەست دا.

کەسێکی نزیک لەم کۆڵبەرە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «کاتژمێر ٢٤ی شەوی ڕابردوو ٢٥ی گوڵان، گرووپێکی کۆڵبەری کورد لە نزیک گوندی «ئاغ بەرزە»ی سەڵماس لە کاتی ڕۆیشتندا بۆ سنوور، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی پاسگای ئەم گوندە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی زابت ئاڵخانی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، زابت ئاڵخانی ٤٦ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ و دانیشتووی گوندی ئاغ بەرزە، لە حاڵێکدا کە باری جگەرەی پێ بووە کەوتۆتە بەر تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ پزیشکیی یاسایی ورمێ و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.