به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، دەمەوبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی خەرمانان، هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «دۆڵەبی»ی سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئومید محەممەدزادە گیانی لەدەست دا.

ئومید محەممەدزادە ٣٩ ساڵان، باوکی سێ منداڵ و دانیشتووی شاری ڕەبەت بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوێزراوەتەوە بۆ پزیشکیی دادی سەردەشت و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

تەنها لە یەک حەفتەی ڕابردوودا ئەمە سێهەم حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەرانە بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «دزاوەر»ی شاری نۆدشەی پارێزگای کرماشان بە ناوی شەوکەت قوربانی لە کاتی کۆڵبەریدا و لەبەر گوشاری جەستەیی و نیگەرانی لە دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە، تووشی جەڵدەی دڵ بوو و گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٤٥ ساڵان، باوکی سێ منداڵ و دانیشتووی گوندی دزاوەری شاری نۆدشەی شارستانی پاوەی پارێزگای کرماشان بوو.