تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئێوارەی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمە هێزە سنوورپارێزەکانی نەوسوود کاروانێکی کۆڵبەرانیان لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە لە پارێزگای کرماشان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا ٣ کۆڵبەر بە ناوەکانی پووریا عەبدوڕەحمانینژاد، مەنسوور عەبدی و پژمان عەبدی بریندار بوون.

ئەم سێ کۆڵبەرەی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لەبەر بێکاری پەنایان بردبووە بەر کۆڵبەریکردن لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان ٤ هاووڵاتیی کورد لە ڕێگای کۆڵبەریدا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە، ڕووداوی هاتوچۆ و ژەهراویبوون بە زۆپا گیانیان لەدەست داوە و ٤ کۆڵبەر و کاسبکارێکیش بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. کۆڵبەرێکیش بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بووە.