هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی نەوسوودی پارێزگای کرماشان دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی سادق میرزایی کوژراوە و دوو کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی شەممە ٣٠ی بەفرانبار (٢٠ی ژانڤییە) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دەسڕێژیان لێ کراوە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی سادق میرزایی کوژراوە و دوو کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە ٣٩ ساڵەیەی خەڵکی جوانڕۆ گوێزراوەتەوە بۆ دەمانگەی نەوسوود و تا ئێستا لەسەر ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە بریندارەکەی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار (٢٠ی ژانڤییە) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراق لە سنووری نێوان نەوسوود-بیارەدا ٨ کۆڵبەریان دەستبەسەر و ئەشکەنجە کردووە. هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراق هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی ئەم کۆڵبەرانەدا گرتووە و سەریان تاشیون.