ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی شۆشمێی سەر بە شاری پاوەی پارێزگای کرماشان، کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی هۆشیار مەحموودی کوژراوە و کۆڵبەرێکی تریش بریندار بووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراق لە ناوچەی سنووریی شۆشمێ لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی هۆشیار مەحموودی دەسبەجێ کوژراوە و کۆڵبەرێکی تریش کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەکەی بەردەست نەکەوتووە، بریندار بووە.
دەوترێت ئەم کۆڵبەرە کە هیچ بارێکیشی پێ نەبووە، گوللە بەر سەری کەوتووە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.
هۆشیار مەحموودی باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «شمشێر»ی شاری پاوە بوو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٩ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر، جوانڕۆ و مەریوان لە سنووری نەوسوود لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراقەوە دەستبەسەر کران و دوای ئەشکەنجە و لێدان و تاشینی قژیان، لە سەرسنوور ئازاد کران. بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە قسەکانی ئەم کۆڵبەرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ناڕەزایەتیی بەربڵاوی هاووڵاتیانی لێ کەوتەوە.