جەبار وەیسی، کۆڵبەری ٣٠ ساڵانی خەڵکی سەلاسی باوەجانیی کرماشان کە ئێوارەی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتبووە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) ئەم کۆڵبەرە کە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست داوە.

جەبار وەیسی، ٣٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «جۆجاڕ»ی شاری سەلاسی باوەجانیی کرماشان، ئێوارەی ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا چەندین گوللەی ساچمە بەر سەری کەوت و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای برینداربوون برابووە ناوەندە پزیشکییەکانی نەوسوود و پاوە و لەوێشەوە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری کرماشان کرابوو و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی ئەم نەخۆشخانەیەدا خرابووە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.