ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕێبەندان (٢ی فێبرییە) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی کۆسار ڕوستەمنژاد بە سەختی بریندار بوو. لە یەک ساڵی ڕابردوودا دوو برای دیکەی ئەم کۆڵبەرە بە ناوەکانی فەرشاد و فەردین ڕوستەمنژاد لە کاتی کۆڵبەریدا و بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی هەینیی ڕابردوو دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامدا کۆسار ڕوستەمنژاد لە لای سەرەوە بە سەختی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «شمشێر»ی پاوە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و پزیشکانی نەخۆشخانەکە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لەبەر قووڵبوونی برینەکانی دەبێ ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکی لە تاران بکرێت.

کۆسار ڕوستەمنژاد سێهەم ئەندامی بنەماڵەکەیەتی کە لە کەمتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار دەبێت.

ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) فەرشاد ڕوستەمنژاد لە کاتی کۆڵبەریدا و لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان و چەندین ساچمە بەر سەری کەوت و بریندار بوو.

هەروەها فەردین ڕوستەمنژاد لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و تووشی بڕینی مۆخ بوو.