ئێوارەی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییە) کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی فەرید ڕووبینا بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا لە ناوچەی سنووریی «هەنجیران»ی مەریوان گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەرید ڕووبینا ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی «هەنجیران»ی مەریوان لە ناو کڕێوەی بەفر و سەرمادا ڕێی لێ ون بووە و خەڵکی ناوچەکە دوای چەندین کاتژمێر گەڕان، دواجار تەرمی بێگیانی ئەم کۆڵبەرەیان دۆزییەوە.

فەرید ڕووبینا، خەڵکی گوندی «چاڵی سوور» و دانیشتووی مەریوان، نزیکەی ٣ حەفتە لەمەوپێش ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.