تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە تۆمەتی ”چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە گرووپە مەزهەبییەکان و ”بانگەشەی دژی حکوومەت”، بە گشتی سزای ١٣ ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ئامانج کاروانچی سەپاندووە.

دادگای ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ڕابردوودا بەڕێوە چوو و لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەدا ئەم سزاکەی لە زینداندا پێ ڕاگەیەنراوە. ئەگەر بێت و سزاکەی وەک خۆی پەسەند بکرێتەوە، بەپێی مادەی یاسایی کۆکردنەوەی سزاکان ١٢ ساڵ و ٦ مانگی جێبەجێ دەکرێت.

ئامانج کاروانچی ٦ی گەڵاڕێزان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.