ئەگەرچی دادگای یەکەم حوکمی بێتاوانی بۆ چالاکی ئەدەبیی کورد ئانیسا جەعفەری مێهر دەرکردبوو، بەڵام ئێستا داواکاری گشتیی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاباد تانەی داوە لە حوکمەکە و هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە.

مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەم چالاکە ئەدەبییە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئانیسا جەعفەری مێهر بە مەبەستی ئازادکردنی بارمتەکەی سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شابادی دەکات و لەوێ تێدەگات کە داواکاری گشتی تانەی لە حوکمی بێتاوانی ئەو لە دادگای یەکەمدا داوە و هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە.»

کۆبوونەوەی دادگای ئەم چالاکوانە ئەدەبییە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ بەڕێوە چووبوو و تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»ی پێ ڕاگەیەنرابوو. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە پێشتر تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ڕووبەڕوو کرابوویەوە.

ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ دوای ئەوەی ئانیسا جەعفەری مێهر بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە ئاکامی دادگا سەردانی دادگای شۆڕشی شاری شابادی پارێزگای کرماشانی کردبوو، لەوێ بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەنرابوو کە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»ی لەسەر لاچووە و بە بێتاوان لە قەڵەم دراوە.

بەپێی یاسای دادگاییکردنی کەیفەریی ئێران، داواکاری گشتی تا ٢٠ ڕۆژ دوای دەرکردنی حوکمی دادگا بۆی هەیە لەسەر دەرکردنی حوکمی بێگوناهیی تۆمەتبار یان نەگونجانی حوکمەکە لەگەڵ یاسادا و یاخود نەگونجانی سزای دەرکراو لەگەڵ تاوانەکەدا، ناڕەزایەتی دەرببڕێت و تانەی یاسایی لە حوکمەکە بدات و داوای پێداچوونەوە بکات.

ئانیسا جەعفەریمێهر، دەرچووی ماستەری لقی زمانناسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی ئەدەبی و هونەریی «ژێ»یە کە له ڕێكهوتی ٣ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و دوای ١٧ ڕۆژ مانەوە له دهستبهسهرگهی ئیدارهی ئیتلاعات و بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی كرماشان لە ڕێکەوتی ١٩ی سهرماوهزدا به دانانی بارمتهی ٣٥٠ میلیۆنی ئازاد كرا.

ئانیسا جەعفەری مێهر ساڵێک پێش ئەوەش  لە سەرماوەزی ١٣٩٨دا لەگەڵ ٦ چالاکی کوردی دیکە و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگیدا لە شاباد و کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.