به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، زیندانییەکی مەزهەبیی کورد بە ناوی جەعفەر ئەوسافی کە لە جۆزەردانی ١٣٩٩ وە دەستبەسەرە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا» سزای ٧ ساڵ و نیو بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم سزایە ئەمڕۆ شەممە ٩ی گەلاوێژ بە شێوەی فەرمی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەنراوە.

جەعفەر ئەوسافی، چالاکی مەزهەبیی خەڵکی بۆکان و لە بەڕێوەبەرانی کاناڵێکی تێلێگرامیی سوننە بە ناوی «پرسیار و وەڵامی شەرعیی پێڕەوانی سوننە و جەماعەت»، لە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و دوای ٣٨ ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

دادگای شۆڕشی ورمێ و دادگای تایبەتی زانایانی ئایینی لەسەر لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەم فەقێ سوننەیە کێشەی یاساییان هەبوو و دواجار پاش نزیکەی ساڵێک دواکەوتن، مانگی ڕابردوو لە دادگای ئینقلابی ورمێ، دا نیشتنی دادگاییکردنی بەرێوەچووبوو.