بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی ڕەزبەر، عەلی زوڵفی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەدا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.