تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئیبراهیم تاریمورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا» حوکمی ساڵێک بەندکران و ٣٠ میلیۆن تمەن غەرامەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن دادگای سنەوە بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەنراوە.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «هەمرۆڵە»ی سنە لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەردا و دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرابوو.