تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لەم چەند حەفتەی دواییدا دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنەی بە ناوی ئەژین ڕەحمانی، گۆڕیوە بۆ ساڵێک بەندکران کە بۆ ماوەی ساڵێک هەڵدەپەسێردرێت.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی بانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و «بەزاندنی نایاسایی سنوور» حوکمی ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دوای تانەدان لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٩ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان و سزاکە گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران کە بۆ ماوەی ساڵێک هەڵدەپەسێردرێت.

ئەژین ڕەحمانی ٢٢ ساڵان، لە ڕەزبەری ئەمساڵدا دوای ٨ مانگ ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا لە سنووری بانەوە گەڕایەوە بۆ ئێران. ناوبراو دوای گەڕانەوە لە هەمان سنووری بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.