بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حەیبەڵڵا کەریمی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

سزای ئەم چالاکە کرێکارییە بەپێی یاسا گۆڕدراوە بۆ ١٢ میلیۆن تمەن غەرامەی پارە.

دادگای ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ (١٦ی جولای) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە ڕێوە چووە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕ (١٩ی جولای) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٦ چالاکی کرێکاریی دیکەی خەڵکی سنە بە ناوەکانی شادمان عەبدی، ئەقباڵ شەعبانی، خەبات مەحموودی، کەمال کەریمی، عەبدوڵڵا خێرئابادی و ئەقباڵ پیشکاری هەر لە لایەن ئەم دادگایەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. حوکمی هەموو ئەم کەسانە بەپێی یاسا چووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

حەیبەڵڵا کەریمی لەگەڵ حەوت چالاکی کرێکاریی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، خەبات مەحمەەدی، سیروان مەحموودی، عەبدوڵڵا خێرئابادی و ئێقباڵ پیشکاری لە ڕێکەوتی ٢٧ی گوڵاندا (١٧ی مەی) دوای دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.