لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدام ٢٧ هاووڵاتیی خۆپیشاندەری خەڵکی شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام کە ساڵی ڕابردوو لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک دۆسیە یاساییەکانیان بەپێی ڕاگەیاندنی «لێبوردنەکەی ڕێبەر» داخرابوو، سەرلەنوێ بانگهێشتی بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام کراون. هاوکات ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای ٥٠ ساڵانی خەڵکی ئەم شارەیش کە پێشتر سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بانگهێشتی بەردەم ئەم دادگایە کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٢٨ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی ئیسماعیل باویەر، عەلیڕەزا سلێمانی، بابەک دانیالی، محەممەد حاجیان، یەدوڵڵا جوندی، عەلی محەممەدی، خالید شاه‌محەممەدی، عەلیڕەزا ئاروانه، حسەین کوولیوەندی، حەمید بووچانی، ڕوحوڵڵا ڕەحیمی، بێهرووز شێخی، جەلال عەبدوڵڵاهی، حسەین لاله‌زاری، رەزا مورادخانی، مووسا سەبزەواری، عەلی کوولیوەندی، سەجاد ڕەحمانی، ئەمیرحسەین وەلیزاده، ئارمین خەیری، سەجاد خەیری، ئەحمەد عەلیزاده، بێهزاد خەیری، محەممەد بووچانی، کووروش ڕەحمەتی، محەممەد دارایی، ئێحسان سلێمانی و موستەفا عەلیزاده سەرەڕای داخرانی دۆسیەی ٢٧ کەسیان لە ساڵی ڕابردوودا، بانگهێشتی بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام کراون.

لە بانگهێشتنامەیەکدا کە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە ئاڕاستەی ئەم هاووڵاتیانە کراوە، نوسخەیەکی سزانامەکەیشیان بۆ نێردراوە. لە سزانامەکەی ساڵی ڕابردوودا تۆمەتی ئەم هاووڵاتیانە «بەڕێوەبردنی کۆمەڵی زیاتر لە ٢ کەس (نزیک بە ٣٠٠ کەس) لە ناوخۆی وڵاتدا وەکوو لیدەر کە مەبەستی تێکدانی ئاسایش بێت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» ڕاگەیەنراوە.

هاوکات لەگەڵ بانگهێشتکردنی ئەم ٢٧ هاووڵاتییەدا، ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای ٥٠ ساڵانی خەڵکی ئەم شارە کە پێشتر بە تۆمەتی «بەڕێوەبردنی کۆمەڵی زیاتر لە ٢ کەس بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» بە ڕیز سزای ٦ ساڵ و یەک ڕۆژ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بانگهێشتی بەردەم ئەم دادگایە کراوە. ئەم مامۆستا خانەنشینە هەروەها لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێپێچینەوە ئیدارییەکانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای ئیلامەوە مەحکووم کرابوو بە خانەنشینیی ئیجباری لەگەڵ کەمکردنەوەی دوو پلەی ئیداریدا.

بەپێی بانگهێشتنامەکە، ئەم هاووڵاتیانە دەبێ ڕۆژی ١٩ی خەرمانان (١٠ سپتامبر) لە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامدا ئامادە بن.